په‌یامی بێستان.نێت‌، به‌ مه‌به‌ستی شه‌رمه‌زارکردنی ئه‌و به‌ناوبۆچوونانه‌ی له‌ سایتی "بۆ رۆژهه‌ڵات"دا بڵاوبوونه‌وه

 

 

به‌ناوی خودای ده‌هنده‌ و دلۆڤان

 

  هاونیشتیمانیانی به‌ڕێز!

  دڵسۆزان و رێبوارانی ڕێگای پیرۆزی "خه‌بات،ی شۆڕشگێڕ"!

 

   له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا و له‌ یه‌کێک له‌ ماڵپه‌ڕه‌ کوردییه‌کاندا، به‌ناوی "بۆ رۆژهه‌ڵات" دوو وتاری برامان "فاروق عه‌بباسی" بڵاوکرانه‌وه. هه‌روه‌ک باوێکیش له‌ زۆرێک له‌ ماڵپه‌ڕه‌کاندا رێگه‌ به‌ خوێنه‌ران دراوه‌ که‌ را و بۆچوونی خۆیان ده‌رباره‌ی هه‌ر بابه‌ت و نووسراو و هه‌واڵێک بنووسن، که‌ شتێکی زۆر سروشتیی و شارستانییه‌.

   به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ "بۆ رۆژهه‌ڵات" چاوه‌ڕوان نه‌ده‌کرا‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی هێندێک له‌ به‌ناوبۆچوونی که‌سێ یان که‌سانێکی کاڵفام و بێئه‌ده‌ب بوو که‌ به‌شێوه‌یه‌کی زۆر نائینسانانه‌ و دوور له‌ ئه‌خلاقی رۆژنامه‌وانیی و رێوشوێنی کورده‌واریی، راسته‌وخۆ هێرشیان کردۆته‌ سه‌ر نووسه‌ر و له‌ سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ ناوهێنانی شه‌خسی مامۆستای شه‌هیدمان "مه‌لا خدر عه‌بباسی". دواتریش، بۆچووننووسان بۆ زیاتر ده‌رخستنی رووی دزێوی خۆیان و سڕینی ئاخرین دڵۆپه‌ی شه‌رمیان و، "بۆ رۆژهه‌ڵات"یش بۆ بره‌ودان به‌ دووکانه‌که‌ی و کۆکردنه‌وه‌ی زۆرترین کڕیار له‌ده‌وری خۆی، چه‌ند به‌ناوبۆچوونی دیکه که‌ راسته‌وخۆ سووکایه‌تییکردنه‌ به‌ بنه‌ماڵه‌ی شۆڕشگێڕی مامۆستای شه‌هید و به‌ ئه‌ندام و لایه‌نگران و پێشمه‌رگه‌کانی رێکخراوی خه‌بات،ی شۆڕشگێڕ" به‌گشتیی، بڵاوکرانه‌وه‌.

 

   ئێمه لێره‌وه‌ و له‌ سه‌کۆی به‌رزی "بێستان"ه‌وه‌‌، به‌ناوی به‌ڕێوه‌به‌ران و ده‌سته‌ی نووسه‌رانی "بێستان.نێت"ه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نین که‌:

 

 1. داوا له‌ هه‌ڵسووڕێنه‌ران و به‌رپرسانی "بۆ رۆژهه‌ڵات" ده‌که‌ین، که‌ ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێ متمانه‌ی خه‌ڵک له‌ده‌ست نه‌ده‌ن و وه‌ک ماڵپه‌ڕێکی بێلایه‌ن و ئازاد، دوور له‌ سووکایه‌تیی پێکردن و ناوزڕاندنی هه‌ر تاک و ده‌سته‌ و لایه‌نێک، بمێننه‌وه‌ وا پێویسته‌ ڕێ له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌ناوبۆچوونی پڕ و پووچ بگرێ و ئه‌وه‌ش که‌ تا ئێستا "به‌ ره‌زامه‌ندیی بۆ رۆژهه‌ڵات" و به‌ناوی بۆچوون بڵاوکراونه‌وه‌ بسڕێته‌وه‌. گه‌ر وانه‌کرێ بێگومان "بۆ رۆژهه‌ڵات" خۆی له‌هه‌ر دژکرده‌وه‌یه‌ک له‌مه‌ڕ ئه‌و مه‌سه‌له‌ به‌رپرسیاره‌.

 2. بۆ ئاگاداریی هه‌موو دڵسۆزانی خه‌بات و نووسه‌رانی قه‌ڵه‌مپاک و به‌تایبه‌تیش بۆ ئه‌و که‌س یان که‌سانه‌ی له‌و کاره‌ دزێوه‌دا به‌شدارن راده‌گه‌یه‌نین که‌: دوای به‌دواداچوونێکی چه‌ند ڕۆژه‌ و وردی "بێستان.نێت" و بۆ دۆزینه‌وه‌ی ماکه‌ و سه‌رچاوه‌ی ئه‌م جۆگه پیس و بۆگه‌نه و به‌هاوکاریی چه‌ند دۆستێکی دڵسۆزی "بێستان.نێت"‌‌، گه‌یشتینه‌ چه‌ند ئه‌نجامێک: ئه‌م کارانه‌ له‌لایه‌ن دوو که‌سی سه‌ر به‌ لایه‌نێکی سیاسی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و دانیشتووی یه‌کێک له‌ وڵاتانی باکووری ئوروپا ئه‌نجام دراون. ناو و ناونیشان و ژماره‌ ته‌له‌فوونیان لای "بێستان.نێت" ئاشکرایه‌ و له‌ کاتی پێویستدا، به‌ وێنه‌ی که‌سه‌کانه‌وه‌‌، بڵاوده‌کرێنه‌وه‌.

 

  له‌ کۆتاییدا، هاوکات له‌گه‌ڵ ناردنی سڵاو بۆ سه‌روه‌ر و مامۆستای شه‌هید و هه‌موو شه‌هیدانی "خه‌بات"‌ی خوێناویی، په‌یمان تازه‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ قوتابییه‌کی به‌وه‌فای مامۆستا و رێبوارێکی دڵسۆزی رێبازی شه‌هیدان بین. به‌ شه‌مشه‌مه‌کوێره‌کانی ناو ژووره‌ تاریکه‌کانی ئینتێرنێتیش راده‌گه‌یه‌نین که به‌ری‌ خۆری پڕشنگداری "خه‌بات" به‌ مێشکی ژه‌نگگرتووی کونکونی بێژنگئاساتان ناگیرێ و هه‌ر به‌و ئاواته‌وه‌ سه‌رده‌نێنه‌وه‌.

 

 

به‌ڵێ بۆ میدیای ئازاد، نا بۆ ئاژاوه‌گێڕیی

به‌ڵێ بۆ ده‌ربڕینی بیروڕای ئازاد

نا بۆ ناوزڕاندن و سووکایه‌تییکردن

 

بژی کوردستان

سه‌رکه‌وێ خه‌باتی گه‌لی کرد

 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بێستان.نێت

10/9/2007

 

 

 

 

بێستان.نێت